بەکارهێنانی مەشروب—چۆن هاوسەنگی ڕابگریت؟
هەندێک کەس لە کاتی پەرۆشی، تەنیایی یان بێزاریدا لە خواردنەوی مەشروب زیادەڕەوی دەکەن، ئایا تۆش زیاتر لە جاران دەخۆیتەوە؟ ئەگەر وابێت، چۆن دەتوانیت دڵنیا بیت زیادە لە حەد مەشروب ناخۆیت و ئالوودەی نەبویت؟ لەم گۆڤارەدا هەندێک زانیاری هەیە کە دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ ئەوەی کە لە خواردنەوەی مەشروبدا هاوسەنگی ڕابگریت.
مەبەست لە خواردنەوەی مەشروب بە شێوەی هاوسەنگی چییە؟
پەرتووکی پیرۆز چیمان فێر دەکات؟ «لەوانە مەبن کە شەراب زۆر دەخۆنەوە»—پەندەکانی سلێمان ٢٣:٢٠ پەرتووکی پیرۆزی کوردی سۆرانی ستاندەر (KSS).
بیر لەم خاڵانە بکەرەوە: پەرتووکی پیرۆز خواردنەوەی مەشروب لە ئاستێکی هاوسەنگدا مەحکوم ناکات. (ژیرمەندی ٩:٧) بەڵام پەرتووکی پیرۆز مەی گوساری و مەستی مەحکوم دەکات. (لۆقا ٢١:٣٤؛ ئەفەسۆس ٥:١٨؛ تیتۆس ٢:٣) تەنانەت ئەگەر خواردنەوەی مەشروب مەستت نەکات، بەڵام خواردنەوەی زۆریش دەتوانێت کاریگەری خراپ لەسەر بڕیارەکانت، تەندروستیت، یان پەیوەندییەکانت لەگەڵ کەسانی تر دابنێت.—پەندەکانی سلێمان ٢٣:٢٩، ٣٠.
لە زۆربەی وەڵاتەکان بۆ هاوسەنگی یان زیادەرەوی لە خواردنەوەی مەشروب ستانداردی جیاواز هەیە، بۆ نمونە ئەم ستانداردانە خواردنەوەی مەشروبی ڕۆژانە یان هەفتانە بۆ هەر کەسێک دەگرێتەوە. a بەڵام پێویستە ئەوە لە بەر چاو بگریت کە کەسانی جیاواز بەرامبەر بە خواردنەوەی مەشروب کاردانەوەی جیاوازیان هەیە و هەندێک جار بۆیان باشترە بە تەواوی دەست لە خواردنەوەی مەشروب هەڵگرن. بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی:
«بۆی هەیە هەندێک جار تەنانەت یەک یان دوو پەرداخ مەشروب ڕەنگە زۆر بێت—بۆ نمونە:
لەکاتی شۆفێری کردن یان کارکردن لەگەڵ ئامێرە پێشەسازییەکان.
لەکاتی دووگیانی یان شیردانی منداڵ.
لەکاتی خواردنی هەندێک دەرمان.
لە حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشییەکی دیاری کراو.
ئەگەر ناتوانیت لە خواردنەوە خۆڕاگر بیت.»
نیشانەکانی زیادەرەوی لە خواردنەوەی مەشروب
پەرتووکی پیرۆز چیمان فێر دەکات: «با هەڵسوکەوتمان بپشکنین و تاقی بکەینەوە.» شینەکانی یەرمیا ٣:٤٠ (KSS).
بیر لەم خاڵانە بکەرەوە: ئەگەر بە بەردەوامی ئاگاداری بڕی خواردنەوەی مەشروبەکەت بکەیت و ئەگەر پێویست بوو بیگۆڕیت، ئاوا دەتوانیت خۆت لە کاریگەرییە زیانبەخشەکانی بپارێزیت. بە پشکنینی هەندێک نیشانەی بەکارهێنانی مەشروب، دەتوانیت بزانیت کە ئایا هاوسەنگی لە خواردنەوەی مەشروب دەپارێزیت یان نەخێر، بە بیرکردنەوە لەسەر ئەم پرسیارانەی خوارەوە خۆت تاقی بکەرەوە.
ئایا بە بێ خواردنەوەی مەشروب ناتوانیت دڵخۆش بیت؟ لەوانەیە هەست بکەیت ئەگەر مەشروب نەخۆیتەوە ناتوانیت پشوویەکی باش بدەیت، یان لەگەڵ هاوڕێکانت کۆبیتەوە و کاتێکی خۆش بەسەر ببەیت، یان پێت وایە دەبێت بخۆیتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ کێشەکانت، خۆت بگونجێنیت.
ئایا تۆ زیاتر لە جاران مەشروب دەخۆیتەوە؟ لەوانەیە بە بەردەوامی مەشروب بخۆیتەوە و بۆی هەیە ئێستا هەست بکەیت کە پێویستە زیاتر مەشروب بەکار بهێنیت.
ئایا خواردنەوەی مەشروب لە ماڵەوە یان لەسەر کارەکەت کێشەی بۆ دروست کردوویت؟ بۆ نمونە لەوانەیە لەبەر کڕینی زۆری مەشروب قەرزدار بیت.
ئایا دوای خواردنەوەی مەشروب بڕیاری خراپ دەدەیت؟ بۆ نمونە، تۆ لەوانەیە وا بیر بکەیتەوە کە دەتوانیت شۆفێری یان مەلە بکەیت، یان ئامێرە پیشەسازیەکان بەکار بهێنیت.
ئایا کەسانی تر سەبارەت بە بڕی خۆاردنەوەی مەشروبی تۆ نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە؟ کاتێک ئەوان نیگەرانی تۆ دەبن، تۆ ڕێگر دەبیت وهەوڵ دەدەیت خواردنەوەکەت بشاریتەوە و سەبارەت بە بڕی خواردنەوەی مەشروب بەوان درۆ بکەیت.
ئایا بۆ تۆ قورسە کە واز لە خواردنەوەی مەشروب بهێنیت؟ لەوانەیە تۆ هەوڵت دابێت بڕی خواردنەوەکەت کەم بکەیتەوە یان بە تەواوی واز لە مەشروب بهێنیت، بەڵام ناتوانیت.
پێنج ئامۆژگاری بۆ پاراستنی هاوسەنگی لە خواردنەوەی مەشروب
١. پلانێک دابڕێژە.
پەرتووکی پێروز چیمان فێرمان دەکات: «بێگومان پلانی مرۆڤی تێکۆشەر بەرەو پڕییە»—پەندەکانی سلێمان ٢١:٥ (KSS).
ئەمە تاقی بکەرەوە: بڕیار بدە چەند ڕۆژ له هەفتە دەتەوێت مەشروب بخۆیتەوە و بۆ ئەوەی کە بزانیت لە ئەو ڕۆژانەدا چەند دەخۆیتەوە سنورێکی هاوسەنگ دابنێ. هەروها هەوڵ بدە دوو ڕۆژ لە هەفتەدا مەشروب نەخۆیتەوە.
«ڕێکخراوێکی خێرخواز، کە یارمەتی خەڵک دەدات بۆ ئەوەی واز لە مەشروب بهێنن ڕایگەیاند: باشترین ڕێگا بۆ بەرگیری لە ئالوودەبوون بە مەشروب، ئەوەیە کە بۆ ماوەیەک واز لە خواردنەوەی مەشروب بێنن.»
٢.پلانێک دابنێ و بە کاری بهێنە.
پەرتوکی پیرۆز چیمان فێر دەکات: «ئەوەی دەستت پێکردووە تەواویکە.» ٢ کۆرنسۆس ٨:١١ (KSS).
ئەمە تاقی بکەرەوە: بۆ ئەوەی بزانی کە چەند مەشروب بخۆیتەوە، هەندێک زانیاری دەربارەی بڕی ستانداردی خواردنەوەی مەشروب فێربە. هەروەها با هەموو کاتێک هەندێک خواردنەوەی تەندروستی و بە بێ ئەلکۆل لەبەر دەستدا بێت.
ڕێکخراوی نەتەوەیی بۆ پاراستنی ئالوودەبووانی مەشروب لە ئەمریکادا دەڵێت: «بە هەندێک گۆڕانکاری بچووک لە ژیاندا دەتوانین خۆمان لە مەترسییەکانی ئالوودەبوون بە مەشروب دوور بخەینەوە.»
٣. لەسەر بڕیارەکانت پابەند بە.
پەرتووکی پیرۆز چیمان فێردەکات: «بەڵێ بۆ بەڵێ نەخێر بۆ نەخێر بێت.» یاقوب ٥:١٢ (KSS).
ئەمە تاقی بکەرەوە: دەبێت چی بکەیت ئەگەر لەو ڕۆژەوە کە بڕیارت داوە مەشروب نەخۆیتەوە، کەسێک مەشروب پێشکەشت بکات؟ لە پێشەوە خۆت ئامادە بکە بۆ ئەوەی کە ئاوا پێشنیارێک بە ڕوونی بەڵام میهرەبانانە ڕەت بکەیتەوە.
ڕێکخراوی نەتەوەیی بۆ پاراستنی ئالوودەبووانی مەشروب لە ئەمریکادا دەڵێت: «هەر چی زووتر بتوانیت بەو پێشنیارانە نەخێر بڵێت، لەوانەیە کەمتر وەسوەسە بیت.»
٤. لەسەر سوودی بڕیارەکانت بیر بکەرەوە.
پەرتووکی پیرۆز چیمان فێر دەکات: «کۆتایی شت باشترە لە سەرەتاکەی.» ژیرمەندی ٧:٨ (KSS).
ئەمە تاقی بەکەرەوە: لیستێک لە هۆکارەکان دروست بکە که بۆچی دەتەوێت لەسەر بەکارهێنانی مەشروب هاوسەنگیت هەبێت. بۆ نموونە ڕەنگە بتەوێت خەوەکەت، تەندروستیت، داراییت یان پەیوەندیەکانت باشتر بکەیت. کاتێک لەگەڵ کەسانی تر باسی بڕیارەکانت دەکەیت، سەرنج بدە لەسەر سوودەکانی نەک سەختییەکانی.
٥. داوای یارمەتی لە خودا بکەن.
پەرتووکی پیرۆز چیمان فێردەکات: «دەتوانم هەموو ئەم شتانە لە ڕێگەی خوداوە بکەم، ئەوەی بە هێزم دەکات.» فیلیپی ٤:١٣ (KSS).
ئەمە تاقی بەکەرەوە: ئەگەر نیگەرانیت کە لە خواردنەوەی مەشروب زیادەرەوی دەکەیت، بە پاڕانەوە داوا لە خودا بکە کە هێز و خۆڕاگرییەک کە پێویستت پێی هەیە، پێت ببەخشێت. b هەروەها بۆ فێربونی زیاتر دەربارەی ئاموژگاریە بە سوودەکانی پەرتووکی پێروز کات تەرخان بکە. بێگومان تۆ بە یارمەتی خودا دەتوانیت لە بەکارهێنانی مەشروب هاوسەنگی ڕابگریت.
a بۆ نمونە وەزارەتی تەندروستی خزمەتگوزاری مرۆڤایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، زیادەرەوی لە خواردنەوەی مەشروب بەم شێوەیە پێناسە دەکات: بۆ ژنان، خواردنەوەی لانی کەم ٤ یەکە لە ڕوژێکدا یان لانی کەم ٨ یەکە لە هەفتەیەکدا پێناسە دەکرێت، بۆ پیاوانیش بە خواردنەوەی لانی کەم ٥ یەکە لە ڕوژێکدا یان لانی کەم ١٥ یەکە لە هەفتەیەکدا. هەر وڵاتێک بۆ بڕی خواردنەوەی مەشروب یەکەیەکی تایبەتی خۆی هەیە. بۆیە پێویستە بۆ زانیاری زیاتر سەردانی ئەو ڕێکخراوە تەندورستیانە بکەیت کە لە نزیکی ماڵی تویە.
b ئەگەر بە تەنیا نەتوانیت کۆنترۆڵی بەکارهێنانی ئەلکۆل بکەیت، لەوانەیە باشتر بێت سەردانی دکتۆر یان ناوەندە پیوەندیدارەکان بکەیت.