بەشی ٦
دوای لە دایک بوونی منداڵ چۆن بارودۆخی خێزان دەگۆڕدرێ
«بێگومان منداڵان میراتن لە یەزدانەوە.»—زەبوور ١٢٧:٣
لە دایک بوونی منداڵ لەوانەیە کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر ژن و مێرد هەبێت. وەکو دایک و باوکێکی نوێ لەوانەیە سەرتان بسوڕمێ لەوەی کە دەبینن زۆربەی کات و هێز و تواناتان بۆ بەخێو کردنی منداڵەکەتان تەرخان دەکرێ. کەمی خەو لەگەڵ گۆڕانکاری لە هەستەکانتان لەوانەیە ببێتە هۆی ناکۆکی لە نێوانتاندا. تۆ و هاوسەرەکەت بەیەکەوە بۆ بەخێو کردنی منداڵەکەتان و ڕاگرتنی ژیانی هاوسەریەتیتان پێویستیتان بە لەخۆبوردن هەیە. چۆن بنەماکانی پەرتووکی پیرۆز دەتوانن یارمەتیتان بدەن بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو گرفتانە ببنەوە.
١ هەوڵ بدە لەبەر چاوی بگری کە چۆن منداڵ ژیان دەگۆڕێ
ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «خۆشەویستی پشوودرێژە». هەروەها، خۆشەویستی «بۆ خۆی داوا ناکات، زوو تووڕە نابێت» (١ کۆرنسۆس ١٣:٤، ٥). وەکو دایکێک بێگومان زۆر سرووشتیە کە بایەخ بە کۆرپەکەت دەدەی. لەوانەیە، هاوسەرەکەت هەست بکا کە بایەخی پێ نادەی، بۆیە لە بیرت بێ گرنگی بە ئەویش بدەی. بە دانبەخۆگرتن و میهرەبانی دەتوانی یارمەتی بدەی هەست بەوە بکات کە بایەخ بە ئەویش دەدەی و لە بەخێوکردنی منداڵەکەتاندا بەشدارە.
«مێردەکان ... بە هەستیاری لەگەڵ ژنەکانتان نیشتەجێ بن» (١ پەترۆس ٣:٧). هەوڵ بدە ئەوە بەرچاو بگری کە ژنەکەت زۆربەی کات و توانای خۆی بۆ منداڵەکەتان تەرخان دەکا. ئەو بەرپرسیاریەتی نوێی هاتۆتە ئەستۆ و لەوانەیە دڵتەنگ و پەشۆکاو بێت، تەنانەت تووشی خەمۆکی هاتبێ. هەندێک جار لەوانەیە لێت تووڕە بێ، بەڵام تۆ هەوڵ بدە ئارام بی، «چونکە ئەوەی درەنگ تووڕە بێت لە پاڵەوان باشترە» (پەندەکانی سلێمان ١٦:٣٢). ئاگاداری لێ بکە و پشتیوانی بە چونکە ئەو پێویستی پێیەتی (پەندەکانی سلێمان ١٤:٢٩).
تۆ دەتوانی چی بکەی:
-
باوکان: لە ئاگاداری کردن لە منداڵەکەتان یارمەتی ژنەکەت بدە، تەنانەت لە شەوانیشدا. ئەو کاتەی کە بۆ شتی دیکەت تەرخان کردبوو کەمتری بکەوە و کاتی زۆرتر بۆ ژن و منداڵەکەت دانێ.
-
دایکان: کاتێک مێردەکەت دەیهەوێ یارمەتیت بدا بۆ ئەوەی ئاگای لە منداڵەکەتان بێ، یارمەتیەکەی وەرگرە. ئەگەر مێردەکەت ئەو کارەی بە باشی جێبەجێی نەکرد، ڕەخنەی لێ مەگرە، بەڵکو بە میهرەبانی پێی بڵێ چۆن جێبەجێی بکا.
٢ پەیوەندییەکەتان بەهێز بکەن
ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «ئیتر دەبنە یەک جەستە» (پەیدابوون ٢:٢٤). هەرچەندە ئەندامێکی نوێ هاتۆتە ناو خێزانەکەتانەوە لە بیرت بێت تۆ و هاوسەرەکەت ئێستاش «یەک جەستەن». هەوڵ بدەن پەیوەندیەکەتان بەهێز بکەن.
ژنەکان، بۆ پشتگیری یارمەتییەکانی مێردەکەت سوپاسگوزار بە. دەربڕینی سوپاسگوزاریت وەک دەرمانی «چاکبوونەوەیە» (پەندەکانی سلێمان ١٢:١٨). مێردەکان، بە هاوسەرەکەت بڵێ چەندەت خۆشدەوێ و بایەخی بۆ تۆ زۆرە. دەستخۆشکەری لێ بکە و بایەخی پێ بدە (پەندەکانی سلێمان ٣١:١٠، ٢٨).
«کەس داوای بەرژەوەندی خۆی نەکات، بەڵکو باشەی خەڵک» (١ کۆرنسۆس ١٠:٢٤). هەمیشە باشترین ڕەفتاڕ لەگەڵ هاوسەرەکەت بکە. وەکو ژن و مێرد کات دانێن بۆ ئەوەی لەگەڵ یەکتر وتووێژ و ڕاپرسی بکەن و گوێ لە یەکتر بگرن. لە پەیوەندی جووتبووندا تەنها بیر لە خۆت مەکەوە بەڵکو بیر لە پێداویستیەکانی هاوسەرەکەشت بکەوە. پەرتووکی پیرۆز چی دەفەرمووێ: «خۆتان لە یەکتری بێبەش مەکەن، مەگەر بە ڕێک کەوتن بۆ ماوەیەک» (١ کۆرنسۆس ٧:٣-٥). بۆیە لەو بوارەدا بە دڵپاکی بەیەکەوە قسە بکەن. دانبەخۆگرتووییتان و تێگەیشتنتان بەرامبەری یەکتری پەیوەندیتان بەهێزتر دەکات.
تۆ دەتوانی چی بکەی:
-
لە بیری مەکەن کات بۆ یەکتر دانێن.
-
بە کڕینی دیاریەکی بچووک یان نووسینی نامەیەکی کورت خۆشەویستی خۆت دەرببڕە.
٣ فێرکردنی منداڵەکەت
ئەوەی کە پەرتووکی پیرۆز دەفەرمووێ: «تۆ لە منداڵیەوە کتێبی پیرۆز دەناسیت، ئەوەی داناییت دەداتێ بۆ ڕزگاری بەهۆی باوەڕ بە عیسای مەسیح» (٢ تیمۆساوس ٣:١٥). بۆ چۆنیەتی فێرکردنی منداڵەکەتان بەرنامە دابرێژن. ئەو بۆ فێربوون توانایەکی بێهاوتای هەیە، تەنانەت پێش لە دایک بوونیش. لە کاتێکدا منداڵ هێشتا لە منداڵدان دایە، دەتوانێ دەنگی دایکی بناسێتەوە و وەڵامی هەستی دایکی بداتەوە. کاتێک ساوایە پەرتووکی هەمەڕەنگی بۆ بخوێنەوە. هەرچەندە کە ئەو تێناگا تۆ چی بۆ دەخوێنیتەوە، بەڵام کاتێک گەورە دەبێت حەزی لە خوێندنەوە دەبێت.
لە هەر تەمنێکدا دەتوانی باسی خودا لەگەڵ منداڵەکەت بکەی. با ببیستێ کاتێک تۆ لە یەهوە دەپاڕێیەوە (دواوتاری موسا ١١:١٩). تەنانەت کاتێ بەیەکەوە یاری دەکەن باسی ئەو شتانە بکە کە خودا درووستی کردوون (زەبوور ٧٨:٣، ٤). لەو کاتەی منداڵەکەت لە گەورە بوون دایە، هەست بە خۆشەویستی تۆ بۆ یەهوە دەکا و ئەویش فێر دەبێ یەهوەی خۆشبوێ.
تۆ دەتوانی چی بکەی:
-
بە تایبەت بۆ بە دەست هێنانی دانایی بپاڕێوە تاکو بتوانی منداڵەکەت بە جوانی بەخێو بکەی.
-
وشە و بیرۆکەی سەرەتایی بۆ منداڵەکەت دووبارە بکەوە بۆ ئەوەی منداڵەکەت زوو شت فێربێت.