وانەی: ١١
چۆن دەتوانین سوود لەبنەماکانی پەرتووکی پیرۆز وەرگرین؟
١. بۆچی پێویستیمان بەڕێنماییە؟
ئافەریدگاریمان دانایی لە ئێمە زۆرترە. ئەو وەک باوکێکی خۆشەویست بایەخمان پێدەدا. ھەروەھا ئەو مەبەستی نەبوو ئێمە لەو سەربەخۆ بین (یەرمیا ١٠:٢٣). کەواتە ھەروەک کە منداڵی بچووک پێویستی بە ڕێنمایی دایک و باوکی ھەیە، ئێمەش ھەموومان پێویستیمان بە ڕێنمایی خودا ھەیە (ئیشایا ٤٨:١٧، ١٨). بنەماکانی پەرتووکی پیرۆز ڕێنماییەک بەدەستەوە دەدەن کە دیارییەکە لەلایەن خوداوە.—٢ تیمۆساوس ٣:١٦ بخوێنەوە.
یاساو بنەماکانی یەھوە باشترین ڕێگامان لە ژیانی ئێستاماندا فێردەکەن و نیشانمان دەدەن چۆن دەتوانین پاداشتی ژیانی ھەمیشەیی لە داھاتوودا بەدەست بھێنین. چونکە خودا ئێمەی ئافراندووە، زۆر شتێکی ئاسایی و ڕاستە کە ئێمە بە خۆشییەوە گوێڕایەڵی ڕێنماییەکانی دەبین.—زەبوور ١٩:٧، ١١؛ ئاشکراکردن ٤:١١ بخوێنەوە.
٢. بنەماکانی پەرتووکی پیرۆز چین؟
بنەماکانی پەرتووکی پیرۆز ڕاستییەکی بناغەیین. لەلایەکی ترەوە یاساکان دەشێ بۆ بارودۆخێکی تایبەت بەکاربھێندرێن (دواوتاری موسا ٢٢:٨). ئێمە پێویستە توانای بیرکردنەوەمان بەکاربھێنین بۆ ئەوەی تێبگەین چۆن بنەماکان لە بارودۆخێکدا جێبەجێ بکەین (پەندەکان سلێمان ٢:١٠-١٢). بۆ نموونە، پەرتووکی پیرۆز فێرمان دەکا کە ژیان دیارییەکە لە لایەن خوداوە. ئەم بنەمایە دەتوانێ لە کارکردن و ماڵ گەشت وگوزارماندا ڕێنماییمان بکا. وامان لێدەکا ئاگاداری تەندروستی خۆمان بین.—کردار ١٧:٢٨ بخوێنەوە.
٣. کام دوو بنەما ھەرەگرنگترینن؟
عیسا باسی دوو بنەمای کرد کە ھەرە گرنگترینن. یەکەمیان دەریدەخا مەبەست لە ژیانی مرۆڤ چییە: کە خودا بناسن و خۆشیان بوێ و ھەروھا بە باوەڕەوە خزمەتی بکەن. یەکەم بنەما دەبێ لە ھەموو بڕیارەکانماندا بیری لێ بکرێتەوە (پەندەکان سلێمان ٣:٦). ئەوانەی ئەم بنەمایە لەدڵیاندا جێگیر دەکەن دۆستایەتی لەگەڵ خودادا پێک دەھێنن و کامەرانی ڕاستەقینە و ژیانی ھەمیشەیی بەدەست دەھێنن.—مەتتا ٢٢:٣٦-٣٨ بخوێنەوە.
بنەمای دووھەم دەتوانێ ڕێنماییمان بکا پەیوەندییەکی ئاشتییانە لەگەڵ خەڵکی دروست بکەین (١ کۆرنسۆس ١٣:٤-٧). جێبەجێ کردنی ئەم بنەمایە دووھەمە واتای ئەوەیە کە دەبێ لاسایی خودا بکەینەوە کە چۆن ئەو ڕەفتار لەگەڵ خەڵکی دەکا.—مەتتا ٧:١٢؛ ٢٢:٣٩، ٤٠ بخوێنەوە.
٤. بنەماکانی پەرتووکی پیرۆز چ سوودێکیان بۆ ئێمە ھەیە؟
بنەماکانی پەرتووکی پیرۆز خێزانەکان فێردەکا چۆن لە خۆشەویستیدا یەکگرتوو بن (کۆلۆسی ٣:١٢-١٤). وشەی خودا ھەروەھا خێزانەکان بەوە دەپارێزێ کە فێریان دەکا ژیانی ھاوسەرییەتی دەبێ بەردەوام بێت.—پەیدابوون ٢:٢٤ بخوێنەوە.
بە جێبەجێ کردنی بنەماکانی پەرتووکی پیرۆز دەتوانین ماڵ و سامان و خۆشی خۆمان بپارێزین. بۆ نموونە، خاوەن کارەکان زۆر جار حەز دەکەن کرێکارەکانیان بەگوێرەی بنەماکانی پەرتووکی پیرۆز بژین و دەستپاک و ئازا بن (پەندەکان سلێمان ١٠:٤، ٢٦؛ عیبرانییەکان ١٣:١٨). وشەی خودا ھەروەھا فێرمان دەکا بۆ ئەو شتانە تێبکۆشین کە بۆ ژیانی ڕۆژانەمان پێویستن و نرخی دۆستایەتیمان لەگەڵ خودا لەسەرووی ماڵ و سامان دابنێین.—مەتتا ٦:٢٤، ٢٥، ٣٣؛ ١ تیمۆساوس ٦:٨-١٠ بخوێنەوە.
جێبەجێ کردنی بنەماکانی پەرتووکی پیرۆز تەندرووستیمان دەپارێزێ (پەندەکان سلێمان ١٤:٣٠؛ ٢٢:٢٤، ٢٥). بۆ نموونە، یاساکانی خودا دژی سەرخۆشییە و لە نەخۆشی و ڕووداوی کوشندە دەمانپارێزێ (پەندەکان سلێمان ٢٣:٢٠). یەھوە ڕێگامان پێدەدا مەی بخۆینەوە بەڵام تەنھا کەمێک (زەبوور ١٠٤:١٥؛ ١ کۆرنسۆس ٦:١٠). بنەماکانی خودا بە سوودن بۆ ئێمە بەوەی کە فێرمان دەکەن نەک تەنھا کردارەکانمان بەڵکو بیروبۆچوونیشمان بپارێزین (زەبوور ١١٩:٩٧- ١٠٠). لەگەل ئەمەشدا مەسیحییە ڕاستەقینەکان تەنھا بۆ سوودی خۆیان ڕێز لە بنەماکانی خودا ناگرن، بەڵکو بۆ ئەوەی ڕێز لە یەھوە بگرن.—مەتتا ٥:١٤-١٦ بخوێنەوە.